وەزیرێکی ئیسرائیلی: پێویستە ئەمڕۆ هێرش بکەینە سەر بەیروت
وەزیری دارایی ئیسرائیل هەڕەشەی خاپوورکردنی باڵەخانەکانی بەیروت دەکات، هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامن و قوربانییەکان روو لە زیادبوونن.
بەسالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، نابێت رێگە بدرێت حزبوڵای لوبنان دۆخی ئێستا بقۆزێتەوە بۆ زیانگەیاندن بە باکووری ئیسرائیل.
ئەو وەزیرە روونیشی کردەوە،"هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لوبنانەوە بەرەو شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەو هاوکێشەیەی گەڕەکی زاحییە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە و دەبێت بە توندی جێبەجێ بکرێت".
سمۆتریچ جەختیشی کردەوە "پێویستە هەر ئەمڕۆ، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، چەندین باڵەخانە لە گەڕەکی زاحییەی بەیرووت بڕوخێندرێن".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەردەوامن، سەرباری ئەو لێکتێگەیشتنانەی پێشتر بۆ ئاگربەست لە نێوان هەردوو لایەندا راگەیەنرابوون.
سمۆتریچ یەکێکە لە سەرکردە توندڕەوەکانی نێو حکوومەتی ئیسرائیل و پێشتریش چەندین لێدوانی توندی لەبارەی بەرەکانی جەنگەوە داوە.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیران، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بچووک بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی دەکات، کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکەیە لە ژێر رۆشنایی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ| رایگەیاندبوو، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێران کراوە رۆژی یەکشەممە واژۆ دەکرێت، دواتر دەستبەجێ گەرووی هورمز بە رووی هەمواندا دەکرێتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، دامەزراوەی ئەمنی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری دەرچوونی بڕیارێک لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسییەوە بۆ راگرتنی پێشڕەوییە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی لە ناو قووڵایی خاکی لوبنان بۆ ئەوەی زیان بە رێککەوتنەکە نەگەیەنێت، هێزەکانیشی بە شێوەیەکی چڕتر لە باشوور پرۆسە سەربازییەکانیان ئەنجام دەدەن.
ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لە پاش سەرهەڵدانی جەنگی غەززە و دواتر پەرەسەندنەکانی ساڵانی 2023 و 2024 پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ باشووری لوبنان دەست پێکردووە. پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە نێو خاکی لوبناندا بە گەورەترین هەنگاوی سەربازی دادەنرێت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی لە ساڵی 2000.