دەرهێنانی یۆرانیۆمەکەی ئێران دوادەکەوێت

ئەمریکا لە کاتی دەرهێنانی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ناوچەکە بە مین چێنراوە و پرۆسەی پاککردنەوەشی کاتێکی زۆری پێویستە و مەترسیدارە.

پێنج سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکا زانیارییەکی ورد و هەستیاریان بۆ پێگەی "بلومبێرگ" ئاشکرا کردووە و ئەوەیان خستووەتە روو، ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی و ئەمریکا دەیەوێت لەناوی ببات، بە مین دەورە دراوە و هەڵگرتنەوەی مینەکانیش کارێکی سەختە و کاتێکی زۆری دەوێت.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، هەڵگرتنەوەی مینەکان لە دەوری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران پێویستی بە هەڵکەندنی چاڵی قووڵ و وریاییەکی زۆر هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر مینەکان بتەقنەوە کارەسات دروست دەبێت، ئەمەش بە لایەنی کەمەوە چەند مانگێک پرۆسەی دەرهێنانەکە دوادەخات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا باسی لەوە کردبوو دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ئەو یۆرانیۆمە ئامانجی سەرەکییەتی و ناوی لێ نابوو "تۆزی ناوەکی".

مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە چەندان بۆمب هێرشیان کردە سەر هەر سێ بنکەی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ. ئەو کاتە ترەمپ رایگەیاند، بە تەواوەتی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانیان لەناوبردووە.