سلێمانی.. لە هەر 100 منداڵێکی لە دایکبوو یەکێک دڵی کونە
بە گوێرەی داتاکان لە 24 کاتژمێردا نزیکەی 100 منداڵ لە سلێمانی لەدایک دەبن و لەکۆی ئەو ژمارەیە یەکێک لەو منداڵانەش دڵی کونە. بە گوێرە ستاندارەکانی جیهان بۆ تەندروستی، لە هەزار منداڵی لەدایکبوو پێنج منداڵ دڵی کون بێت بە حاڵەتێکی ئاسایی دادەندرێت.
لەوبارەیەوە دکتۆر کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەحمەد جەمال رەشید لە سلێمانی بۆ منداڵان و هەروەها پزیشکی پسپۆڕی ورد بۆ نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان بە کوردستان24 ـی راگەیاند؛ رۆژانە نزیکەی 100 منداڵ لە سنووری سلێمانی لەدایک دەبن و بە گوێرەی داتاکان و بوونی ئامێری پێشکەوتوو و پزیشکی پسپۆڕەوە دەرکەوێت یەکێک لەو منداڵانە دڵی کونە یان کێشەیەکی لە دڵی هەیە.
گوتیشی؛ تاوەکو ئێستا رەنگە رێژەکە ئاسایی بێت، بەڵام دەبێت بەدوای هۆکارەکان دا بگەڕێین و چارەسەری بدۆزینەوە، ئەگەرنا رێژەکە زیاد دەکات و دواتر دەبێتە مەترسی. سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو منداڵانەی دڵیان کونە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەحمەد جەمال رەشید لە سلێمانی بۆ منداڵان ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکی بۆماوەییە، هەروەها خواردنی خراپ و ژینگە و خواردنی دەرمان و چارەسەری ناتەندروست لەلایەن دایکەکەوە پێش ئەوەی منداڵەکەی لەدایک بێت. جەختیشکردەوە، هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر و پێش لە زیادبوونی ئەو حاڵەتانە بگیرێت.
بە گوێرەی رێکارە تەندروستییەکان ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن دەخرێنە شووشەوە و کاتێک دەبینن شین بوونەوەی هەیە، ئەوا پزیشکەکان دڵنیان یەکێک لە بۆرییەکانی گیراوە و دەبێت لە هەفتەیەکدا چارەسەری بۆ بکرێت، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە گیان لەدەست دەدات.
دیارترین ئەو حاڵەتە باوانەوەکان، منداڵ لەگەڵ دایکبوونی تووشی دەبێت، ئەوانیش، یا دڵی کونە، یا دروست نەبوونی لای راست یان چەپی منداڵەکەیە و دروستنەبوونی یەکێک لە بۆرییەکانی خوێنە.