ساڵانە زیاتر لە 280 هەزار بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشان دابین دەکرێت
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 780 بوتڵ خوێن بە خۆرایی بۆ نەخۆشان دابین دەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گواستنەوەی ڤایرۆس لە رێگەی خوێنەوە تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، خوێن هیچ جێگرەوەیەکی نییە و تەنیا مرۆڤ سەرچاوەکەیەتی، بۆیە بەخشینی خوێن ئەرکێکی مرۆیی، نیشتمانی و شەرعییە بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆش.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە زیاتر لە 280,000 یەکەی خوێن بەسەر نەخۆشاندا دابەش دەکرێت، کە دەکاتە رۆژانە نزیکەی 780 بوتڵ خوێن. روونیشیکردەوە کە 66%ـی ئەو خوێنە لە کەرتی گشتی و 34%ـی لە کەرتی تایبەت بەکاردەهێنرێت، بانکی خوێنیش بە شەو و رۆژ و لە رۆژانی پشووشدا بەردەوامە لە دابینکردنی خوێن بۆ نەخۆشەکان.
سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە، هەر بوتڵێک خوێن زیاتر لە 100 دۆلار تێچووی هەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تێچووەکەی گرتووەتە ئەستۆ و بە خۆرایی دەدرێتە کەرتی گشتی و تایبەت.
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گواستنەوەی نەخۆشی یان ڤایرۆس لە رێگەی گواستنەوەی خوێنەوە تۆمار نەکراوە".
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش کرد، تەنیا سەنتەرەکانی بانکی خوێن کە دامەزراوەی حکوومین، مافی وەرگرتن و بەخشینی خوێنیان هەیە. دووپاتیشی کردەوە کە بە شانازییەوە هەموو ساڵێک وەک خوێنبەخش بەشدار دەبن بۆ ئەوەی پەیامی "بەخشینی خوێن بەخشینی ژیانە" بە کۆمەڵگە بگەیەنن.