گەرووی هورمز بە تەواوەتی داخرا
ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز تاوەکوو کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە و رێگە بە هاتوچۆی هیچ کەشتییەکی بیانی نادرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، دامەزراوەی بەڕێوەبردنی رێڕەوی ئاوی "کەنداوی فارس" لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بڕیار دراوە بەردەوامی بدرێت بە داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا.
ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکوو دەرچوونی بڕیارێکی نوێ لەو بارەیەوە، هیچ کەشتییەکی بیانی بۆی نییە بێتە ناو کەنداوەوە یان لێی بچێتە دەرەوە.
دامەزراوەکە داوا لە گشت کەشتییەکان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن بۆ ئەوەی رووبەڕووی مەترسی نەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رەزایی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، بۆ گەیشتن بە هەر رێککەوتنێک پێویستە سەرەتا رژێمی زایۆنی تەمبێ بکرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئەو بەرپرسەی ئێران روونیشی کردەوە، تەنانەت ئەگەر لایەنەکان بەدوای رێککەوتن یان لێکتێگەیشتنیشدا بگەڕێن، رێگەکەی تەنیا تەمبێکردنی رژێمی زایۆنییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا لە گەڕەکی زاحییە، لە باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان. دوای هێرشەکەش هەریەک لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.
هێرشەکە لە کاتێکدایە؛ ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل داوە، ئەگەر زاحییەی بەیروت بۆردومان بکاتەوە، جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی دەکاتە سەری.