کشتوکاڵی هەولێر: گەنمی جووتیارانی دیبەگە و گوێر لە سایلۆی هەولێر وەردەگیرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گۆڕانکاری لە شوێنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی چەند ناوچەیەک رادەگەیەنێت و دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە مافەکانیان پارێزراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند: "ئاگاداری سەرجەم ئەو جووتیارانەی ناوچەکانی دیبەگە و گوێر دەکەینەوە کە پێشتر گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆی مەخموور دەکرد، ئێستا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەو سایلۆیە ڕاگیراوە و لەوێ وەرناگیرێت."

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بە شوێنی جێگرەوە کرد و گوتی: "لە پێناو بەردەوامی پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، ئێستا گەنمی ئەو جووتیارانە لە سایلۆی هەولێر وەردەگیرێت و رێکارەکانی بەبازاڕکردنی بۆ دەکرێت."

هێمن سەید موراد دڵنیایی دایە جووتیارانی ناوچەکە و تایگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە بەگوێرەی ئەو بڕە دەبێت کە پێشتر بۆیان نووسراوە و دیاریکراوە، بەو پێیەش تەواوی مافەکانیان پارێزراو دەبێت."