ئەحمەد تورک: بە سەبرەوە چاوەڕێی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەکەین

سیاسەتمەداری دیاری کورد، ئەحمەد تورک رایگەیاند، کێشەی کورد لەوەدایە کە سەرەڕای هەموو شتێک، بەڵام ناسنامە و زمانی فەرامۆش دەکرێت. جەختیشیکردەوە کە ئەوان وەک لایەنی کوردی نابنە هۆکاری تێکدانی هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی و بە سەبرەوە چاوەڕێی هەنگاوەکان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد تورک، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی "وەرچەرخانی دیموکراتیی کۆمار لە سەدەی دووەمدا" کە لە شاری ئەستەمبوڵ بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر رەهەندەکانی کێشەی کورد و نموونەی بەخۆی هێنایەوە و گوتی "دەڵێن کورد چی دەوێت؟ من خۆم وەک نموونە دەهێنمەوە؛ من منداڵی بنەماڵەیەکی خاوەن زەوی و زارێکی بەرفراوانم لە کوردستان، بەڵام ناسنامەم نییە، زمانم نییە و گەلەکەم وەک ئەوەی بوونی نەبێت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئا ئەوە کێشەی کوردە؛ کێشەی کورد منم و لێرەدایە."

سەبارەت بە دەنگۆکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەحمەد تورک پەیامێکی روونی ئاراستەی لایەنەکان کرد و رایگەیاند "بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ببێتە ئاشتییەکی بەردەوام، ئێمە وەک کورد و وەک سیاسەتی کوردی بە سەبرەوە چاوەڕێ دەکەین. کورد نابێتە ئەو لایەنەی کە ئەم پرۆسەیە تێکدەدات."

لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، تورک ئاماژەی بە بوونی بێ متمانەیی لەناو شەقامدا کرد و گوتیشی"دەبینین جۆرە بێ متمانەییەک لەناو کۆمەڵگادا گەشەی کردووە. هیوادارم ئەم پرۆسەیە بگاتە سەرکەوتن و هەموو ئەو ئاستەنگانە لابرێن کە لەبەردەم ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا هەن."

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا

رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

جارێکی دیکە و لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە و دووجار وەک قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە، لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری 30 چەکدار دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانانیان، 30 پارچە چەکیان سووتاند.

هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.

لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.