راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: هەولێر لە ریزبەندی باشترین شارەکانی جیهانە بۆ کۆمپانیا نوێیەکان

بەپێی نوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتی، پارێزگای هەولێر توانیویەتی پێگەی خۆی لەناو لیستی 1000 باشترین شارەکانی جیهان بۆ کۆمپانیا نوێیەکان (ستارت ئاپ) بپارێزێت و وەک دووەم بەهێزترین ژینگەی کار و داهێنان لەسەر ئاستی عێراق بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، پێنوێنی جیهانیی 'ستارت ئاپ بلینک' بۆ ساڵی 2026 بڵاوکرایەوە، تێیدا شاری هەولێر لە پلەی 932ـەمی جیهاندایە، هەروەها لە ساڵی 2025ـەوە پێگەی خۆی وەک دووەم باشترین ژینگەی کارسازی لەسەر ئاستی عێراق بە سەقامگیری پاراستووە. هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پایتەختی هەرێمی کوردستان پلەی 29ـەمی گرتووە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو شاری هەولێر و بەغدا توانیویانە لەناو لیستی 1000 باشترین شارەکانی جیهاندا بن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی چالاکییەکی بەرچاوی داهێنان و کارسازی لەم دوو شارەدا سەیر دەکرێت، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە لە عێراقدا رووبەڕووی کەرتی بازرگانی دەبنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق وەک وڵات، سەرەڕای گەشەسەندنەکانی هێشتا لە دەرەوەی لیستی 100 باشترین وڵاتانی جیهانە لە بواری کۆمپانیا نوێیەکاندا، بەڵام وەک یەکێک لە بازاڕە نوێ و هیوابەخشەکان دەستنیشان کراوە کە خاوەنی توانایەکی زۆرە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی داهێنان لە داهاتوودا.

ڕاپۆرتی "ستارت ئاپ بلینک" ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ سیستەمی کۆمپانیا نوێیەکان لەسەر ئاستی وڵاتان و شارەکانی جیهان دەکات و یەکێکە لە سەرچاوە جیهانییە باوەڕپێکراوەکان بۆ دیاریکردنی ئاستی گەشەی ئابووریی دیجیتاڵی و داهێنان.