بانکی نێودەوڵەتی: ئابووریی عێراق پاشەکشە دەکات
بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لە مانگی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکات ئابووریی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا پاشەکشە بکات و لە ساڵی 2027دا بگاتە نزمترین ئاست.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا ئابووریی عێراق بە رێژەی 2.2% پاشەکشە بکات، ئەم کورتهێنانە لە ساڵی 2027دا زیاتر دەبێت و دەگاتە 8.9%. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024دا گەشەی ئابووریی عێراق تەنیا 0.5% بووە و بۆ ساڵی 2025یش پێشبینی پاشەکشەی 1.5% کراوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەم زنجیرە پاشەکشەیە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028دا ئابووریی عێراق ببوژێتەوە و گەشەکردنێکی گەورە بە رێژەی 12.2% تۆمار بکات.
بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت؛ عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکەی لەسەرە. لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2026، پێشبینی دەکرێت ئابووریی سعوودییە 3.1% و ئیمارات 2.4% گەشە بکەن، عێراق و کوەیت (بە رێژەی 6.4%) پاشەکشەیان تۆمار کرد.
داتاکان نیشانی دەدەن ئابووریی عێراق لە چوار وەرزەکەی ساڵی 2025دا بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە، کە بەرزترین دابەزین لە وەرزی سێیەمدا بووە بە رێژەی 3.7% هەروەها پێشبینی دەکرێت لە وەرزی یەکەمی ساڵی 2026یشدا پاشەکشەکە بە رێژەی 2.3% بەردەوام بێت.
لە سەر ئاستی گشتیی ناوچەکەش، بانکی نێودەوڵەتی پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کەمکردووەتەوە بۆ 1.6% بۆ ساڵی 2026، بەڵام پێشبینی دەکات لە ساڵی 2027دا جارێکی دیکە بۆ 5.0% بەرز ببێتەوە.