حزبوڵڵا هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل
حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، هێزێکی ئیسرائیلییان لە شارۆچکەی "شەمع" بە درۆنێکی خۆکوژ و کۆمەڵێک سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازییان لە شارۆچکەی "رەشاف" بە مووشەک پێکاوە.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، حزبوڵڵای لوبنان لە دوو بەیاننامەی جیادا رایگەیاندووە: "بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی و لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لە خاک، هەروەها وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر رێککەوتنی ئاگربەست، چەکدارەکانیان لە هێرشێکدا هێزێکی ئیسرائیلییان کە لە ناو باڵەخانەیەک لە شارۆچکەی شەمع لە باشووری لوبنان جێگیر ببوون، بە درۆنێکی خۆکوژ کردە ئامانج".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە باشووری لوبنان و لە شارۆچکەی رەشاف، کۆمەڵێک سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای ئیسرائیلیان بە چەندان مووشەک بۆردومان کردووە.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکی ئەرکانی سوپا سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاک و هاووڵاتییانی ئیسرائیل وەڵامێکی توند و خێرایان دەبێت.
هاوکات لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپا لە ئامادەباشی تەواو دایە بۆ بەرگری یان هێرشبردن.
ئەم پەرسەندنانە لە کاتێکدایە، گەیشتن بە رێککەوتن و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە هەموو کاتێک نزیکترە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل لە لایەک و حزبوڵڵا لە لایەکی دیکەوە خەریکە پرۆسەی دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتن بەرەو لەناوچوون دەبەن.