عەبدولخالق بابیری: پرۆسهی یهكگرتنی هێزهكانی پێشمهرگه 90%ـی تهواو بووه
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە قۆناخی زۆری بڕیوە و زۆربەی کارەکان تەواو بوون، ئاماژە بەوەش دەکات کە میکانیزمێکی نوێ بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دادەنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر حەوتی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ، میکانیزمێکی نوێ بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی وزە و کێڵگە و بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی شاندی سوپاسالاری حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانە
هەروەها جەختیشی کردەوە، لەپێناو پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و گرێنتیی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەریەک لە حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ هەموو ئامادەکارییەکیان نیشانداوە.
سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی هێزەکان، عەبدولخالق بابیری دووپاتی کردەوە، پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە قۆناغی زۆری بڕیوە و خەریکە لە 90%ـی ئەو پرۆسەیە تەواو دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هەندێک کێشەی بچووکی تەشکیلاتی سەربازییە، بەڵام کارکردن لەسەری بەردەوامە و ئەگەر بەو خێراییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، لە کاتێکی زوودا پرۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.