پزیشکیان: هەینی داهاتوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێت
مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ بکرێت.
دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "مێهر" لە زاری مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئیدارەدانی وڵات لە کاتی جەنگدا، پزیشکیان گوتی: "ئەمە بەهۆی رێکار و هەوڵەکانی لێپرسراوان و پارێزگارەکانەوە بەدی هاتووە و هەمووان هاوکار بوون."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد: "دوژمن پێی وابوو وڵات لە کاتی جەنگدا دەڕووخێت و بازاڕ و سیستمەکە لەناودەچن، بەڵام دۆخەکە بە باشی بەڕێوەبرا و ئەوە رووینەدا."
هاوکات ئاژانسی "تەسنیم" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانییەوە ئاشکرای کرد، پرۆسەی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دوای واژۆکردنی رێککەوتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژی هەینی دەستپێدەکات، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جیاوازییەکان لەسەر هەندێک بڕگە تا کۆتا ساتەکانی پێش راگەیاندنی رێککەوتنەکە بەردەوام بووە.
لە لایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەقی رێککەوتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات کۆتایی هاتووە و دوو رێککەوتنی دەستبەجێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
غەریب ئابادی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران روونیکردەوە، پرۆسەی دانوستانەکان کاتێکی زۆری خایاندووە و بە نێوەندگیری وڵاتانی پاکستان و قەتەر ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، شاندێکی قەتەری دوێنێ گەیشتووەتە ئێران و بۆ ماوەی 15 کاتژمێر گفتوگۆی چڕیان ئەنجامداوە.
لە بەرامبەردا، ڤەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکەی بە "رۆژێکی مەزن بۆ گەلی ئەمریکا" ناوبرد و جەختی کردەوە کە گرنگترین دەستکەوتەکان بریتین لە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دڵنیابوونەوە لەوەی "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا بە شێوەیەکی گشتگیر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی "وێران کردووە"، رێککەوتنە نوێیەکەش رێگری دەکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بەرنامەیە. ئاشکراشی کرد ئێران پابەند بووە بە لەناوبردنی هەموو کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، کە ئەمەش تەوەری سەرەکی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوو دەبێت.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ڤانس گوتی: "چاوەڕوان دەکەین گەرووەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و بەبێ وەرگرتنی باج بە رووی بازرگانیدا کراوە بێت." باسی لەوەش کرد، ئەمریکا سیستەمێکی پشکنینی توند و مەرجدار پەیڕەو دەکات؛ ئەگەر ئێران پابەند بێت، دەبێتە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و بێ سزا، ئەگەرنا رووبەڕووی پەرەسەندنی ئابووریی توندتر دەبێتەوە.
ڤانس ئاشکرای کرد کە شاندە ئێرانییەکە پێکهاتووە لە، محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و چەندین کەسایەتی ئەمنی باڵا کە نوێنەرایەتی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات دەکەن لە ئێران.
جی دی ڤانس ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی کرد لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئاماژەی دا ، واشنتن ئێستا راستەوخۆ لەگەڵ "بەرزترین ئاستی دەسەڵات" لە ئێران قسە دەکات، کە ئەمە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا رووی نەداوە؛ گوتیشی: "لە توندڕەوەکانی ئێرانیشەوە دەبیستین کە دوژمنایەتی رابردوو لەگەڵ ئەمریکا هەڵە بووە و کاتی لاپەڕەیەکی نوێ هاتووە."
ڤانس جەختی کردەوە، ئەمریکا ئامادەیە پشتگیری لە گۆڕینی ئێران بکات بۆ "دەوڵەتێکی سەرکەوتوو و ئاسایی"، بەڵام ئەمە تەنیا بەستراوەتەوە بە جددییەتی تاران لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم رێککەوتنە نوێیەدا.