ڤانس: ئابوورییەکی گەشاوە چاوەڕێی ئێران دەکات بەرامبەر وازهێنانی لە ئەتۆم
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی نوێی دەربارەی رێککەوتنی مێژوویی نێوان واشنتن و تارانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند رێککەوتنەکە لەسەر هاوکێشەیەکی روون وەستاوە: هەڵگرتنی گۆشەگیریی ئابووری لەسەر ئێران بەرامبەر وازهێنانی تەواو و هەمیشەیی تاران لە خەونی بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ڤەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکەی بە "رۆژێکی مەزن بۆ گەلی ئەمریکا" ناوبرد و جەختی کردەوە کە گرنگترین دەستکەوتەکان بریتین لە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دڵنیابوونەوە لەوەی "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا بە شێوەیەکی گشتگیر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی "وێران کردووە"، رێککەوتنە نوێیەکەش رێگری دەکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بەرنامەیە. ئاشکراشی کرد ئێران پابەند بووە بە لەناوبردنی هەموو کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، کە ئەمەش تەوەری سەرەکی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوو دەبێت.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ڤانس گوتی: "چاوەڕوان دەکەین گەرووەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و بەبێ وەرگرتنی باج بە رووی بازرگانیدا کراوە بێت." باسی لەوەش کرد، ئەمریکا سیستەمێکی پشکنینی توند و مەرجدار پەیڕەو دەکات؛ ئەگەر ئێران پابەند بێت، دەبێتە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و بێ سزا، ئەگەرنا رووبەڕووی پەرەسەندنی ئابووریی توندتر دەبێتەوە.
ڤانس ئاشکرای کرد کە شاندە ئێرانییەکە پێکهاتووە لە، محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و چەندین کەسایەتی ئەمنی باڵا کە نوێنەرایەتی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات دەکەن لە ئێران.
جی دی ڤانس ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی کرد لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئاماژەی دا ، واشنتن ئێستا راستەوخۆ لەگەڵ "بەرزترین ئاستی دەسەڵات" لە ئێران قسە دەکات، کە ئەمە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا رووی نەداوە؛ گوتیشی: "لە توندڕەوەکانی ئێرانیشەوە دەبیستین کە دوژمنایەتی رابردوو لەگەڵ ئەمریکا هەڵە بووە و کاتی لاپەڕەیەکی نوێ هاتووە."
ڤانس جەختی کردەوە، ئەمریکا ئامادەیە پشتگیری لە گۆڕینی ئێران بکات بۆ "دەوڵەتێکی سەرکەوتوو و ئاسایی"، بەڵام ئەمە تەنیا بەستراوەتەوە بە جددییەتی تاران لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم رێککەوتنە نوێیەدا.