ترەمپ بۆ بەشداری لە لووتکەی G7 گەیشتە ئەوروپا
سەرۆکی ئەمریکا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورەی جیهان (G7) گەیشتە ئەوروپا،
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی (G7) گەیشتە شاری جنێڤ لە سویسرا. بڕیارە ترەمپ لە شاری "ئێڤیان"ی فەرەنسا بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکات، کە تێیدا رێککەوتنە نوێیەکەی واشنتن لەگەڵ ئێران پشکی شێری گفتوگۆکان دەبێت، هەروەها کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیش لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن ئەنجام دەدات.
سەرۆکی ئەمریکا دوای بەشداریکردنی لە چالاکییەکی وەرزشیی "UFC" لە واشنتن، گەیشتە ئەوروپا. بڕیار وایە هەر لە جنێڤەوە بەرەو شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکە لە فەرەنسا بەڕێبکەوێت.
چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ببێتە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانی لووتکەی وڵاتانی پیشەسازی. هەروەها بڕیارە ترەمپ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بارودۆخی ئاسایشی جیهانی.
شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەشداریی لووتکەی G7 لە وڵاتی فەرەنسا بکات.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی دابوو، لە پەراوێزی لووتکەکە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە و لەوانە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات.
هاوکات کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) پشتڕاستی کردبووەوە, بە بۆنەی 250ەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە کۆشکی مێژوویی "ڤێرسای" پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات. ئەم دیدارە لە شوێنێکی سیمبولی دەبێت کە پەیماننامەی سەربەخۆیی ئەمریکای تێدا واژۆ کراوە.
ئەلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤێرسای "شوێنێکی باڵای دۆستایەتی فەرەنسا و ئەمریکایە"، چونکە لە ساڵی 1783دا پەیماننامەی دانپێدانان بە سەربەخۆیی ئەمریکا هەر لەوێ واژۆ کراوە.