هەڵوێستی ئەوروپییەکان لە بارەی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکاوە چۆنە؟

فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت رۆڵی هەبێت لە سەقامگیرکردنی ئابووریی جیهاندا، ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە رێککەوتنەکە لوبنانیش بگرێتەوە.

دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، بەرلە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت (G7) کە ئەم هەفتەیە لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، گوتی: پەنجەرەیەکی دیپلۆماسی جگە لە بابەتی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا کراوەتەوە و ئارەزوو دەکات ئەم بابەتە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکا تاوتوێ بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە ئێران بە شێوەیەکی ریشەیی رەفتارەکانی بگۆڕێت پێش ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا بیر لە هەڵگرتنی هیچ سزایەک بکاتەوە.

 فۆن دێر لاین جەختی کردەوە: "مەبەست لە سزاکان گۆڕینی رەفتارە، بۆیە ئەگەر رەفتارەکان بە شێوەیەکی جێگەی متمانە و پشتڕاستکراوە بگۆڕدرێن، ئەو کاتە دەکرێت سزاکان هەڵبگیرێن."

هاوکات، وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەنگاوانەی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەیانگرێتە بەر.

ئەم هەڵوێستە ئەوروپییە دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران هات، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگە بە شێوەیەکی دەستبەجێ و هەمیشەیی.

سەرکردەکانی ئەو چوار وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا رایانگەیاند: "پێویستە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات، هاوکات ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەمریکا، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە."