بەرپرسێکی ئەمریکی: کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان مەرجی رێککەوتن نییە لەگەڵ ئێران

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لایەن موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێرانەوە سەرپشک کراوە بۆ دانوستان و واژۆکردنی رێککەوتننامەکە، بەڵام کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان مەرجی رێککەوتنەکە نییە. 

دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی پلە باڵای ئەمریکاوە ووردەکاری واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتنی ئاشکراکردووە، یەکێک لە گرنگرترین بابەتەکان کە پەیوەستە بە لوبنان بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەوانەیە فەرامۆش بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان و سووککردنی سزاکان لەسەر ئێران، هەروەها لە سەرەتادا رەنگە هەندێک دەسپێشخەریی بچووک لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام بدات.

ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، سووککردنی سزاکان پەیوەست نییە بە رەفتارێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی ئێران بە شێوەیەکی گونجاو رەفتار بکات، روونیشیکردەوە واشنتن دەیەوێت ئێران هەنگاوی وا هەڵبگرێت کە بە ئاسانی پشتڕاست بکرێنەوە و رێگەی گەڕانەوەیان نەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە ئاشکرای کردووە، بەپێی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، گەرووی هورمز بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک بە کراوەیی دەمێنێتەوە، هاوکات ئەمریکا چاوەڕوان دەکات تێپەڕبوونی ئازادانە لە گەرووەکەدا ببێتە بەشێک لە رێککەوتنی کۆتاییش.

سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان مەرج نییە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، راشیگەیاندووە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەر هێرشێک کە لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە ئەنجام بدرێت.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، یەکلایی بوونەوەی رێککەوتن لەگەڵ ئێرانیان دووپات کردەوە. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە "زۆر بەهێزە" و رێگە بۆ ئازادیی کەشتیوانی و دابەزینی نرخی نەوت خۆش دەکات، هاوکات باسی لە پێویستی گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لوبنان.

دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی لوبنان کرد و گوتی: "دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین کێشەی لوبنان چاک بکەینەوە، چونکە وادیارە هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەمە وەک وەشانێکی بچووکی ئەو کارەیە کە ئێمە دەیکەین، بەڵام نابێت کارێکی سەخت بێت. پێویستە قسەیەک لەگەڵ حزبوڵڵا بکەین."

سەبارەت بە کردنەوەی گەرووەکە، ترەمپ جەختی کردەوە کە کەشتیوانی ئازاد دەبێت و گوتی: "پێموانییە پێویستمان بە هاوکارییەکی زۆر هەبێت، چونکە رێککەوتنێکمان هەیە کە تێیدا گەرووەکە رۆژی هەینی دەکرێتەوە و بێ بەرامبەر دەبێت. کەمێک دەمەقاڵێمان لەسەر ئەوە هەبوو، بەڵام دواجار بێ بەرامبەرە. هەرچەندە پێموانییە زۆر پێویست بێت، بەڵام بیرۆکەیەکی خراپ نییە کە وڵاتانی وەک فەرەنسا یەک دوو کەشتییان لەوێ هەبێت، چونکە هەرگیز نازانیت چی روودەدات."

کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد ئایا رێککەوتنەکە هەڵگرتنی سزاکانی تێدایە؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، ئێستا تەنیا پەیوەستە بە رەفتارەکانیانەوە. ئەگەر ئەوە بکەن کە بڕیارە بیکەن، ئەوا کاریگەریی دەبێت."

سەبارەت بە کاتی بڵاوکردنەوەی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاماژەی دا، "پێموایە زۆر بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە. من دەمەوێت بڵاوبکرێتەوە چونکە بەڵگەنامەیەکی زۆر بەهێزە. وەک بەڵگەنامەکەی سەردەمی ئۆباما نییە کە کارەسات بوو. پێموایە دوای رۆژی هەینی بڵاودەبێتەوە؛ ئاماژەشی دا، ئەو رێککەوتنە بۆ هەموویان باشە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی لە مەراسیمی رۆژی هەینیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد: "جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستە دێت. لە بنەڕەتدا بڕیار وابوو ئەو بیکات. من رەنگە تا ئەو کاتە لێرە نەمێنم، چونکە دوای ڕۆژ و نیوێکی دیکە لێرە لەگەڵ ماکرۆن دەبین."

لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ئابووریی پەرلەمان رایگەیاند: "رۆژی هەینی لە سویسرا سەرۆکی شاندەکانی هەردوولا کۆدەبنەوە و یەکەم گەڕی دانوستانە فەرمییەکان دەستپێدەکات." عێراقچی گوتیشی کە هەرچەندە ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی کرانەوەی ئابووری، بەڵام ئێران بەهۆی ئەزموونی تاڵی رابردووی ئەمریکا، پرۆسەکە لەسەر بنەمای "بێ متمانەیی" بەڕێوە دەبات و نایانەوێت ئابووری وڵاتەکە تەنیا بەستراوە بێت بەم ڕێککەوتنەوە.

هاوکات، محەمەدباقر قالیباف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بۆ گەلی ئێران، ئەم رێککەوتنەی وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و گوتی: "بە خۆڕاگری مێژوویی ئێوە و ئازایەتی هێزە چەکدارەکان، ئێران هەنگاوێکی گەورەی بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی هاوێشت."

قاڵیباف جەختی کردەوە کە نەیارانی ئێران دەیانویست وڵاتەکە تەسلیم بکەن بەڵام "نەیانتوانی"، ئێستاش ئێران بە سەربەرزییەوە بەرەو ئایندە دەچێت.