ئاوی سلێمانی کەم بووەتەوە
بەهۆی لەکارکەوتنی سێ ماتۆڕی پڕۆژەی ئاوی دوکان و پاککردنەوەی بۆرییە سەرەکییەکان، دابەشکردنی ئاو لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی کەم بووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێک لە ماتۆڕەکانی ئاوی پڕۆژەی دوکان چاک کراونەتەوە و بەشێکی دیکەیان هێشتا کار ناکەن، ئەمەش وای کردووە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو لە چەند گەڕەکێکی شارەکە رووبەڕووی سستی و کەمبوونەوە ببێتەوە.
روونیشی کردەوە، تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردن و پاککردنەوەی رێڕەوی ژمارەیەک بۆریی سەرەکی و پەمپەکانی ئاون، چونکە بەشێکی زۆری ئەو هێڵانە بەهۆی نیشتنی قوڕ و لیتەوە گیرابوون و نەیاندەتوانی بڕی پێویستی ئاو بگەیەننە ناو شار.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، رۆژانە سلێمانی پێویستی بە 450 هەزار مەترسێجا ئاو هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 250 هەزار مەترسێجا دابین دەکرێت.
لەبارەی دابینکردنی ئاو لە رێگەی تانکەرەوە بۆ ئەو گەڕەکانەی بێ ئاون، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هۆشداری دەدات و بەرپرسیارێتیی ئەو تانکەرانە هەڵناگرێت لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێوە نییە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات تاوەکو دڵنیا نەبن لە پاکیی ئاوەکە، لەو تانکەرانەی نەکڕن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەختیار تاهیر ئەوەشی خستەروو، بە هەماهەنگیی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت سەرجەم ئەو شەمعە نایاساییانە دادەخەن ئاو دەفرۆشن. هەروەها بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی پشکنین بۆ ئاوی سەرجەم ئەو شوێنانە دەکرێت.
ئاشکراشی کرد، زیاتر لە 200 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکەدا هەن و بە گشتی قەرزی ئاو لای هاووڵاتییان گەیشتووەتە 30 ملیار دینار.