ترەمپ: نەمانتوانی دەسەڵاتی ئێران بگۆڕین

کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر لە پاریس (وێنە: AFP)
کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر لە پاریس (وێنە: AFP)

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنێکی دادپەروەرانەیان لەگەڵ ئێران هەیە و قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە دەستپێدەکات. هاوکات رەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان گرت و ستایشی رۆڵی قەتەر و سەرۆکی سووریای کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گرووپی "7" لە پاریس، لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر کۆبووەوە.  

ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رێککەوتنێکی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە بێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەو وڵاتەدا وەبەرهێنان بکەن، ئێستاش رێککەوتنەکە دەچێتە قۆناخی دووەمەوە. ئاماژەی بەوەش دا، هۆکاری سەرەکیی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بۆ ئەوە بووە تاران بە هیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، ئەوا دەرگای دۆزەخی بەسەردا دەکرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا روونیشی کردەوە، بەپێی رێککەوتنەکە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران شکستیان هێناوە و دەرفەتی باش هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە. 

ئەوەشی خستەروو، شوێنێکیان لە ناوخۆی ئێران تەقاندووەتەوە پاشماوەی ئەتۆمیی تێدا بووە، هەروەها دەیانەوێت یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران وەربگرن. باسی لەوەش کرد، ئەگەر رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما هەڵنەوەشێنرایەتەوە، لەوانە بوو ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بووایە.

لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنانەوە، ترەمپ رایگەیاند، لە مامەڵەی ئیسرائیل بەرانبەر لوبنان و حیزبوڵڵا رازی نییە و دەبوو زۆر بە خێرایی ئەو کارە بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت بە دڵی ئەو نین و پێویستە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات. جەختی لەوەش کردەوە، بێ ئەو ئیسرائیل بوونی نەدەبوو، جەنگی لوبنانیش پرسێکی لاوەکییە و رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەتوانێت بەردەوام بێت. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ باسی لە سووریا کرد و ئاماژەی بەوە دا، پێشنیازی بۆ ئیسرائیل کردووە سووریا خۆی مامەڵە لەگەڵ حزبوڵڵادا بکات. هاوکات ستایشی سەرۆکی سووریای کرد بۆ یەکخستنەوەی وڵاتەکەی و ئەنجامدانی کارێکی نایاب.

 لە کۆتاییشدا ستایشی رۆڵی قەتەری کرد لە نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و رایگەیاند، دەوحە ئازایانە و ئەرێنییانە مامەڵەی کردووە.