سلێمانی.. کورتەفیلمی "بێ رتوش" نمایش دەکرێت
کورتەفیلمی "بێ رتوش"، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی توانا عەلی کەمالە، لە سلێمانی، لە سیتی سینەما نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، توانا عەلی، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "کورتەفیلمی "بێ رتوش"، ماوەکەی 5 خولەک و یازدە چرکەیە، خۆم کاری سیناریۆ و دەرهێنانم بۆی کردووە، رەوا عەبدولوەهاب عەبدول، کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی فیلمەکەی کردووە، لەلایەن زانا عەلی کەمال بە ژیری دەستکرد کاری بەرهەمهێنانی دەنگی بۆ کراوە، سارا حەمە فەرەج مەجید رۆڵی سەرەکی لەو کورتەفیلمە دەبینێت."
توانا عەلی گوتیشی، "چیڕۆکی فیلمەکە لە بنەڕەتدا چیڕۆکی گەشتێکی دەروونییە؛ گەشتێک لە نێوان ئەوەی مرۆڤ دەیەوێت ببێت و ئەوەی بەراستیی هەیە. سارا کچێکە کە لە ژیانێکی پڕ لە گۆشەگیری و دابڕان دەژی. دنیای دەرەوە بۆی تەنگ بووە و زۆربەی کاتەکانی لە ناو بیرکردنەوە و خەیاڵدا بەسەردەبات. ئەو بەردەوام خەونی ژیانێکی جوانتر دەبینێت؛ جوانییەک کە لە رووخسار، شێوە، تەواوی و بێ کەموکوڕی دروست کراوە. بۆی وا دەردەکەوێت کە خۆشبەختی و ئاسوودەیی لە گەیشتن بەو وێنەیە دایە."
ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لە ماوەی چیڕۆکەدا، سارا بەردەوام لەگەڵ خۆی ململانێ دەکات. هەستەکانی نائارام، هەوڵی گۆڕینی خۆی، و پێوانەکردنی خۆی بە شتێکی تەواو و دروستکراو، وای لێدەکات زیاتر لە خۆی دووربکەوێتەوە. خەونەکانی لە سەرەتادا وەک دەروازەیەک بۆ رزگاربوون دەردەکەون، بەڵام هێواش هێواش دەبنە ئاوێنەیەک کە ناتوانێت خۆی تێدا ببینێت."
توانا عەلی ئاماژەی بەوەش دا، "گرنگترین خاڵی فیلمەکە ئەو ساتەیە کە سارا تێدەگات ئەو جوانییەی بەدوایدا دەگەڕا، زۆرجار تەنیا وێنەیەکی دروستکراو بووە؛ وێنەیەک کە لە چاوەڕوانی، ترس، یان پێوانەکانی کۆمەڵگە دروست بووە. لە بەرامبەردا، ئەو جوانییە سروشتییەی هەیە بە هەموو ناتەواوی، ئازار و راستییەکانی بەهێزتر و زیندووترە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە کۆتایی چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "کۆتایی فیلمەکە زۆرتر لەسەر دۆزینەوەی خۆیەتی تا سەرکەوتن بەسەر کێشەکەیدا. سارا ناگاتە جیهانێکی تەواو؛ بەڵکو دەگاتە تێگەیشتنێک کە مرۆڤ کاتێک ئارام دەبێت کە واز لە دروستکردنی خۆی بهێنێت و بتوانێت خۆی وەک هەیە قبووڵ بکات. بۆیە ناوەڕۆکی فیلمەکە تەنیا باس لە جوانی ناکات؛ بەڵکو باس لە ناسنامە، تەنیایی، و ئەو کێشەیە دەکات کە مرۆڤ لە نێوان خۆی و وێنەی خۆی دەژی."
کورتەفیلمی "بێ رتوش"، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی توانا عەلی کەمالە، بڕیارە رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، لە سلێمانی لە سیتی سینەما نمایش بکرێت.