مەسرور بارزانی: هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەت کاراکردنەوەی پەرلەمانە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکاتەوە. هاوکات پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران کرد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کرد.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، مەسرور بارزانی گوتی، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، باسی هەموو ئەو بابەتانە کرا کە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگن. هاوکات باس لە چۆنییەتی هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ حکوومەتی بەڕێز عەلی زەیدی کرا، بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئابووری و ئەمنی لە ناوچەکە".
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی زیاترکردنی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە کە وەک خۆی گوتی، "ئەمەش یارمەتی بەهێزکردنی ئابووریی عێراق دەدات".
پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانە و گوتی، "ئەمە کارێکی زۆر لە جێگەی خۆی نییە، تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە. ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ئەوە بووین، پەرلەمان، موڵکی هەموو خەڵكی هەرێمی کوردستانە هی هیچ حزبێکی سیاسی نییە. هیچ کەسێکیش بۆی نییە رێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات".
مەسرور بارزانی گوتی، "پەرلەمان شوێنی ئەوەیە، ئەگەر بیروبۆچوونی جیاوازیش هەبێت لەوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەگەر پەرلەمان کاراکرایەوە، دواتر قسەی پێویست لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
رێککەوتنەی ئەمریکا و ئێران
لەبارەی رێککەوتنەی ئەمریکا و ئێرانیش؛ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، "ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووین و هەر رێککەوتنێک، ناوچەکە بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی ببات، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین".