چین.. لە ساڵێکدا زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان وزەی خۆری بەکارهێناوە

بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کەرتی وزە لە جیهاندا گەیشتووەتە وەرچەرخانێکی مێژوویی. چین توانیویەتی لە ساڵی 2025دا ریکۆردێکی نوێ لە بونیادنانی وێستگەکانی وزەی خۆر تۆمار بکات، کە بڕەکەی زیاترە لە کۆی بەرهەمهێنانی هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان بەیەکەوە.

ناوەندی توێژینەوەی (Ember)ی بەریتانی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بە ناونیشانی "Global Electricity Review 2026" ئاشکرای کردووە؛ ساڵی 2025 گەشەیەکی بێپێشینەی لە کەرتی وزەی خۆردا بەخۆوە بینیوە. ئەم سەرچاوەیە ئێستا بووەتە بزوێنەری سەرەکی کارەبا لە جیهاندا و توانیویەتی 75%ی کۆی گەشەی خواستی جیهانی لەسەر وزە دابین بکات.

ئەم بازدانە گەورەیە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەکی دەگمەن لە مێژوودا؛ بۆ یەکەمجار بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سووتەمەنییە فۆسیلیەکانەوە (Fossil Fuels) کەمی کردووە، سەرەڕای ئەوەی گەشەی ئابووری و خواستی مرۆڤ بۆ وزە زیادی کردووە. شارەزایان دەڵێن ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی قەیرانی دارایی یان پەتای کۆرۆناوە نەبووە، بەڵکو ئەنجامی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سیستەمی وزەی جیهانیدا.

چین بە تەنیا بووەتە جەمسەری سەرەکیی گۆڕانکارییە سەوزەکان. لە ساڵی 2025دا، ئەو وڵاتە 336 تێراوات/کاتژمێر (TWh) توانای نوێی وزەی خۆری خستووەتە گەڕ. ئەم بڕە بە تەنیا زیاترە لە کۆی ئەو وزەیەی کە هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهان پێکەوە زیادیان کردووە. بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی ئەم ژمارەیە، تەنیا گەشەی ساڵانەی وزەی خۆر لە چین، لە کۆی ئەو کارەبایە زیاتر بووە کە بەریتانیا لە تەواوی ساڵی 2025دا بەکاریهێناوە (کە 322 تێراوات بووە).

لە بەرامبەردا، وڵاتانی دیکەی جیهان (بەبێ چین) پێکەوە نزیکەی 300 تێراوات وزەی خۆریان بۆ تۆڕەکانیان زیاد کردووە. لە دوای چین، کیشوەری ئاسیا بە پلەی دووەم دێت (90 تێراوات)، پاشان ئەمریکای باکوور (86 تێراوات) و ئەوروپا (80 تێراوات).

بە گشتی لە ساڵی 2025دا، مرۆڤایەتی 636 تێراوات وزەی خۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد کردووە، ئەمەش بە رێژەی 33% لە ریکۆردی ساڵی 2024 زیاترە. بۆ چوارەم ساڵە لەسەریەک، وزەی خۆر وەک خێراترین سەرچاوەی وزە لە رووی گەشەکردنەوە دەمێنێتەوە.

سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەژموونی رەهای بەیژینگ بەسەر ئەم کەرتەدا مەترسیی تێدایە. چین ئێستا بە تەواوی کۆنترۆڵی زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەی خۆری کردووە، ئەمەش وای لێکردووە بتوانێت بە ئارەزووی خۆی نرخی پانێڵەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزێنێت.