شوێنی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دیاریکرا
بۆرگێنشتاک؛ لوتکەی یادەوەرییەکان دەبێتە شاهیدی واژۆکردنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە فەرمی رایگەیاند, رۆژی هەینی مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هاوینەهەوارێکی شاخاویی سویسرا بەڕێوەدەچێت. هاوکات چین هۆشداری دەدات کە قۆناخی داهاتووی دانوستانەکان زۆر لەمەی ئێستا ئاڵۆزتر دەبێت.
سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" پشتڕاستی کردەوە، هاوینەهەواری ناوازەی "بۆرگێنشتاک" (Burgenstock) کە دەکەوێتە سەر بەرزاییەکانی دەریاچەی لۆسێرن، وەک شوێنی واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەستنیشان کراوە. شوێنەکە لە سێ لاوە بە ئاو دەورەدراوە و دەستڕاگەیشتن پێی زۆر ئەستەمە، هەر بۆیە لە رووی ئەمنییەوە زۆر پارێزراوە. ئەم پێشنیازە لەلایەن نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان و هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانەوە پەسند کراوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، هاوشانی محەمەدباقر قاڵیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران، پێشتر بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆیان لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنەکە کردووە. هەرچەندە دەقی رێککەوتنەکە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە، بەڵام جی دی ڤانس بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە کە یاداشتەکە "تەنیا لاپەڕە و نیوێکە و بەڵگەنامەیەکی زۆر گشتییە."
لە 19ی حوزەیرانی 2026، لوتکەی چیای بۆرگێنشتاک لە سویسرا، کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی لەگەڵ ئەستێرەکانی سینەما و بڕیارە سیاسییەکان هەیە، دەبێتە گۆڕەپانی واژۆکردنی رێککەوتنێکی مێژوویی. ئەم رێککەوتنە کۆتایی بە شەڕێکی 4 مانگەی نێوان واشنتن و تاران دەهێنێت و گەرووی هورمز بەڕووی جیهاندا دەکاتەوە.
هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک، کە لە ساڵی 1873وە بەسەر دەریاچەی لۆسێرندا دەڕوانێت، تەنیا شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە درەوشانەوەی هەیە. لە کڵێسا بچووکەکەی ئەم چیایەدا، ئەستێرەی جیهانی "ئۆدری هێبۆرن" لە ساڵی 1954 هاوسەرگیری کرد، هەروەها "سۆفیا لۆرین" بۆ ماوەی 13 ساڵ لێرە ژیاوە. تەنانەت دیمەنە ناودارەکانی فیلمی (Goldfinger)ی جەیمس بۆندیش هەر لێرە وێنەگیراون.
بۆرگێنشتاک تەنیا باسی سینەما ناکات، بەڵکو یادەوەرییەکی سیاسیی قورسیشی هەیە. لە ساڵی 2004 گفتوگۆکانی یەکگرتنەوەی قوبرس بە چاودێری کۆفی ئەنان لێرە بەڕێوەچوو بەڵام لە دوای دابەزین بۆ سەر زەوی، پڕۆژەکە شکستی هێنا. لە ساڵی 2024یش میوانداری گەورەترین لووتکەی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا کرد. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ڕێککەوتنی 2026ی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت لەسەر لووتکە بمێنێتەوە یان وەک ئەوانی تر لە کاتی دابەزین بۆ دەشتەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە؟
بۆچی سویسرا؟
هەڵبژاردنی سویسرا بۆ ئەم مەراسیمە رێکەوت نییە. ئەم وڵاتە بێلایەنە لە 21ی ئایاری 1980وە وەک "هێزی پارێزەر"ی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران کار دەکات. باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران بۆ ماوەی 45 ساڵە وەک "پۆستەچییە بێدەنگەکە" رۆڵ دەگێڕێت و هەموو پەیامە هەستیارەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گواستووەتەوە، لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015وە تا گۆڕینەوەی زیندانییەکانی 2023.
ئێستا ئەم "پۆستەچییە دێرینە" دەبێتە میوانداری مەراسیمێک کە چاوەڕوان دەکرێت نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بگۆڕێت. نوێنەرانی هەردوو وڵات نەک لە هۆڵی وەزارەتەکان، بەڵکو لەسەر لووتکەی چیایەک کە تەنیا بە شەمەندەفەرێکی تایبەت و بەلەم دەستی پێ دەگات، واژۆ لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان دەکەن.