شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە

نعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا دواین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی و ئامادەکارییەکان بۆ دەرکردنی "یاسای چوارچێوە" تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ، 16ـی حوزەیرانی 2026، نعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پێشوازی لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاری وان، لەگەڵ میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری رحا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکییەکانی شاندەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کراوە. هەروەها تیشک خراوەتە سەر دواین قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانەی نراون.

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پەرلەمان ڕۆڵێکی سەرەکی و مێژوویی هەیە لە سەرخستنی پڕۆسەکە و جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و ڕێکارانەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراون.

شاندی ئیمراڵی: دەبێت "یاسای چوارچێوە" پێش پشووەکانی پەرلەمان پەسەند بکرێت.

دوای کۆبوونەوەکە، هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان پرسی 'یاسای چوارچێوە' بوو. ئێمە جەختمان کردەوە کە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، پێویستە ئەم یاسایە پێش داخرانی پەرلەمان بۆ پشووی هاوینە، پەسەند بکرێت."

شاندی ئیمراڵی ئاماژەیان بەوەش دا، کە سەرۆکی پەرلەمان هاوڕا بووە لەسەر گرنگیی دەرکردنی یاساکە لە وادەی دیاریکراودا و رایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ ئەو مەبەستە دەخاتە گەڕ.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەرلەمان رۆڵی کارای هەبێت لە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا."