پزیشکیان: رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە و بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی ئەنجام نەدراوە و وڵاتەکەی بۆ هەموو ئەگەر و بژاردەیەک ئامادەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستا بەدەست هاتووە، تەنها هەنگاوێکی گرنگە بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستانەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ نەکراوە."

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بۆ هەموو بژاردە و ئەگەرەکان ئامادە کردووە و رایگەیاند "سەرنجی سەرەکی حکوومەت، چ بە هەبوونی رێککەوتن یان بەبێ رێککەوتن، تەنیا خزمەتکردنی راستگۆیانە دەبێت بە خەڵکی ئێران."

سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە زمانێکی توند جەختی لە پرەنسیپەکانی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند "گەلی ئێران لە ئیمامە شەهیدەکەیەوە فێری ئەوە بووە کە هەرگیز ژێردەستەیی و زەلیلی قبوڵ نەکات."