شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

سبەی شاندێکی هونەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات.

سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی شاندێکی هونەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات و پێنج شەممە لەگەڵ شاندی هونەریی حکوومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە و رێککەوتنی سەرەتایی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە؛ دوا واژۆکردنی رێککەوتن، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق تاوتوێی رێککەوتنەکە دەکرێت و بە شێوەیەکی فەرمیی پەسند دەکرێت.

چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا  پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" تاوتوێ کرا. وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی لەسەر داهاتی پێنج مانگی یەکەمی 2026 خستەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی داهات بە ڕێژەی زیاتر لە 70% کراوە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جەنگ و یەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا.

ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد پێداچوونەوە بە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکات کە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ دیاریکراوە.

سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاریی فیدراڵ بۆ کاروباری ئابووری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆ کراوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی دەروازەکان و بووژانەوەی بازاڕ کە لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.