ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ئێرانیش هۆشداری توند دەدات

سەرەڕای گەیشتنی ئەمریکا و ئێران بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن و بوونە هۆی کوژرانی 4 کەس. لە بەرامبەردا فەرماندەیی سەربازیی ئێران، بە 84 جار ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی وەڵامدانەوەی سەربازیی توند دەدات.

سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی لوبنان (NNA)، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل سێ ئۆتۆمبێلیان لە شارۆچکەکانی مەیسەدوون و شوکێن لە ناوچەی نەباتیە کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە 4 کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەو ئۆتۆمبێلانە "گوماناوی" بوون و لەو شوێنانە جووڵاونەتەوە کە سەربازەکانیان لێیە، هەروەها ئاماژەی بە تێکشکاندنی چەند مووشەکێکی حزبوڵڵا کرد لە هەمان ناوچە.

قەرارگەی ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیای ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی جەنگ لەلایەن ترەمپەوە، 84 جار ئاگربەستی لە باشووری لوبنان پێشێل کردووە و بەردەوامە لە "کوشتار و تاوان" دژی خەڵکی لوبنان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل دەبێت چاوەڕوانی وەڵامێکی زۆر سەخت لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکات."

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە کە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان یان بەردەوامیی داگیرکاریی خاکەکەی، وەک پێشێلکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکەی (MOU) نێوان تاران و واشنتن هەژمار دەکرێت و گوتی: "کۆتاییهاتنی جەنگ بێ کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان ناتەواوە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە کە هێزەکانیان "تا هەر کاتێک پێویست بێت" لە ناو خاکی لوبنان دەمێننەوە، ئەمەش مەترسیی تێکچوونی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان تاران و واشنتنی لێ دەکرێت.