ترەمپ: رەشنووسی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران رەوانەی کۆنگرێس دەکرێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە رەشنووسی لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ ئێران رەوانەی کۆنگرێس دەکات بۆ پێداچوونەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەقەکەی بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە. هاوکات لایت خۆیەوە تاران جەخت لەسەر دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دانوستانەکان لە سویسرا دەکاتەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.
سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وڵاتەکەی و ئێران بە روونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاران بە هیچ شێوەیەک نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی پێداچوونەوە، رێککەوتنەکە رەوانەی کۆنگرێس دەکرێت و پێشوازی لە بیرۆکەی ناردنی رێککەوتنی ئێران بۆ کۆنگرێس دەکەم.
ترەمپ پێشبینی کردووە قۆناخی دووەمی ڕێککەوتنەکە بە خێرایی بەڕێوە بچێت، هەروەها رایگەیاند: لە ماوەی دوو رۆژدا یاداشتەکە لە رێگەی میدیاکانەوە دەخرێتە روو، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەو بارەیەوە ساز دەکرێت و دەقی فەرمیی رێککەوتنەکە بە تەواوی بڵاو دەکرێتەوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "گەرووی هورمز تا رۆژی هەینی بە تەواوی واڵا دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی، کە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران گواستییەوە، رایگەیاند: کە دەستپێکردنی فەرمیی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژی هەینی داهاتوو دەبێت.
ئاماژەی بەوە کرد، کە "راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، گرنگترین بابەتی قۆناخی یەکەمی ئەم لێکتێگەیشتنەیە."
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکانی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان یان داگیرکردنی خاکی ئەو وڵاتە، بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا دادەنرێت.
عێراقچی گوتیشی: "لە دیدی ئێمەوە، هەردوو لایەنی ئەم یاداشتە پێکدێن لە ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و ئێران و حزبوڵڵا لە لایەکی دیکەوە. رەنگە گرنگترین خاڵی ناو یاداشتەکەش راگەیاندنی ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگ بێت لەسەرجەم بەرەکاندا، لەنێویاندا بەرەی لوبنان."