کەناڵی 12ی ئیسرائیلی رەشنووسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ناوەڕۆکی ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا دەکات، کە مۆڵەتی 60 ڕۆژ دانوستانی چڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەت پرسی ئەتۆمی، دیاری دەکات؛ ڕێککەوتنەکە گەرەنتی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، فرۆشتنی نەوتی ئێران، ڕاگرتنی سزاکان و دامەزراندنی سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە لەبەرامبەر پابەندیی توندی تاراندا لەخۆ دەگرێت.
سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ناوەڕۆکی ئەو رەشنووسەی بڵاو کردەوە کە تێیدا واشنتن و تاران لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گەیشتوونەتە رێککەوتن. بەپێی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، قۆناخێکی 60 رۆژەی دانوستان دەستپێدەکات کە ئامانج لێی هەڵگرتنی گشت سزاکان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراندنی سندووقێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەیە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە:
1. راگرتنی جەنگ: ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان هەموو چالاکییە سەربازییەکان رادەگرن، بە تایبەتی لە بەرەی لوبنان.
2. بەڵێنی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک بەدوای پەرەپێدان یان بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا ناچێت.
3. یۆرانیۆمی پیتێنراو: هەردوولا رێککەوتوون کە چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو جێبهێڵن.
4. بەردەوامیی بەرنامەکە: لە کاتی دانوستانەکاندا، ئێران پارێزگاری لە ئاستی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات.
5. پابەندیی ئەمریکا: واشنتن بەڵێن دەدات لە ماوەی گفتوگۆکاندا سزای نوێ نەسەپێنێت و هێزی سەربازیی زیاتر نەنێرێتە ناوچەکە.
6. گەرووی هورمز: ئێران گەرەنتی دەکات بۆ ماوەی 60 رۆژ کەشتیوانیی بازرگانی بە شێوەیەکی ئازاد و بێ مەترسی لە گەرووەکەدا بەردەوام بێت.
7. دارایی و نەوت: ئەمریکا رێگە دەدات ئێران لە کاتی دانوستاندا نەوت بفرۆشێت و لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی یاداشتەکە، پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن.
8. رێککەوتنی کۆتایی و کشانەوە: ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی واژۆ کرا، ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو هێزەکانی دەکشێنێتەوە و گشت سزاکان لادەبات.
9. ئاوەدانکردنەوە: رێککەوتنی کۆتایی سندووقێکی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران لەخۆ دەگرێت.
10. رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە: عومان و وڵاتانی کەنداو بەشدار دەبن لە رێکخستنی کاروباری کەشتیوانی و دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
ئەم چوارچێوەیە داوای ماوەی 60 رۆژ دانوستانی چڕ دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەت پرسی ئەتۆمی، یەکلایی بکاتەوە.