شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

"تێچووی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە"

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی سەربازیی حکوومەتی فیدراڵ سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدایە، کە هەفتەی داهاتوو کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە و لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.

رۆژی سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کەناڵی کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەی 3ـی حوزەیرانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتن کرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

شێروان دووبەردانی، دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی پاراستنی ئەمنییەتی کێڵگە نەوتییەکانی دا لە هەر هەڕەشەیەک. لە بەرامبەردا، شاندی هەرێم داوای نووسراوی فەرمییان لە عەلی زەیدی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، دواجار دوێنێ نووسراوی فەرمیی حکوومەتی عێراق بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی کێڵگەکان و پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەرچوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دووبەردانی ئاشکرای کرد، کە سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە. شاندەکە پێشنیازی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان کردووە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و، سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر جێگیرکردنی ئەو سیستەمە لە هەولێر نیشانداوە، کە تێچووەکەشی لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵدا دەبێت.

دووبەردانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی مەیدانیی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات. بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، هەفتەی داهاتوو کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە و وەک قۆناخی یەکەم، رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و هەناردە دەکرێت.

سەبارەت بە دۆسیەی دارایی و داهاتە نانەوتییەکان، شێروان دووبەردانی روونکردنەوەی دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی قەیرانی دارایی ئێستاوە ناتوانێت مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت. بڕیارە لە کۆبوونەوەی شەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاری کۆتایی لەسەر رێژەی داهاتی نانەوتیی هەرێم بدرێت.