ئاوارەکانی باشووری لوبنان دەگەڕێنەوە سەر ماڵە وێرانبووەکانیان
دوای رێککەوتنی واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئاوارەکانی باشووری لوبنان بۆ سەر داروپەردووی ماڵە وێرانەکانیان دەگەڕێنەوە.
قەبارەی وێرانکارییەکان لە گوندەکانی وەک غەندوریە و شارۆچکەی سریفە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، بەڵام هاووڵاتییان لە نێو خۆڵەمێشی ماڵەکانیاندا بەدوای یادگارییەکاندا دەگەڕێن تا ژیان بونیاد بنێنەوە.
محەممەد نادر، سەرۆکی شارەوانی غەندوریە رایگەیاند، ئەم گوندە ئازارێکی زۆری چەشتووە و چەندین شەڕی پێشووی بینیوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە دا، سەختترین شەڕ لە ساڵی 1978 بوو کاتێک غەندوریە بەتەواوی خاپوور کرا.

دیمەنی وێرانییەکان تەنیا لە خاپووربوونی باڵەخانەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو چیرۆکی ئازاربەخشی زۆری لەپشتە. لە شارۆچکەی سریفە، نیشتەجێبووان لەنێو خۆڵەمێشی شەڕدا بەدوای پاشماوەی یادگارییەکانیاندا دەگەڕێن و چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەن. باسم حەیدەر یەکێکە لە ئاوارەکان و بە بیستنی هەواڵی وێرانبوونی ماڵەکەی شۆک بووە.
غەندوریە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای بنت جوبەیل و نەبتیە. محەممەد نادر روونیشی کردەوە، "سوپاس بۆ خودا خاک و سەربەرزی خۆمان وەرگرتەوە، بەڵام ئەم شەڕە لە ساڵی 1978 وێرانکەرتر بوو، بە جۆرێک ئێستا تەنیا یەک ماڵی شیاوی نیشتەجێبوون لە گوندەکەدا نەماوە".
لەم نێوەندەدا عەلیا نەجدی، ئاوارەی سریفە رایگەیاند، "سوپاس بۆ خودا بۆ هەموو شتێک، خۆشحاڵین بە ساخی گەڕاینەوە".
گەڕانەوەی ئاوارە لوبنانییەکان بۆ باشوور لە ژێر سێبەری رێککەوتنی نێودەوڵەتی، سەرەتای قۆناغێکی سەختە و ململانێ لە نێوان ئازاری وێرانکاری و هیوای ئاوەدانکردنەوەدا دەستی پێکردووە.