سێیەمین کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران گەمارۆی دەریایی شکاند

پاش رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان، سێیەمین کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران کە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی بارکردووە، هێڵی گەمارۆکانی تێپەڕاند و بەرەو ئاوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێکەوت.

ماڵپەڕی "تانکەر تراکەرز" کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە جیهان بڵاویکردەوە، سێیەمین کەشتیی نەوتی ئێران هێڵی گەمارۆی جێهێشتووە، کە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە.

پێشتر کەناڵی "پرێس تیڤی" لە زاری سەرچاوە دەریاییەکانەوە رایگەیاندبوو، سێ تانکەری نەوت و دوو کەشتی دیکەی ئێرانی کە کەلوپەلی سەرەکییان هەڵگرتبوو، پاش رێککەوتنی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئاوە نێودەوڵەتییەکانیان تێپەڕاندووە.

 ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو پێنج کەشتییە (سێ تانکەری نەوت و دوو کەشتی بازرگانی) بۆ ماوەی چەند مانگێک بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە لەو ناوچەیە پەکخرابوون و گیریان خواردبوو.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند کە لەگەڵ ئێران گەیشتن بە رێککەوتن و جەختی لەسەر هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و کردنەوەی تەواوی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا کردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ باج و سەرانەیەک وەربگیرێت.

لەلایەکی دیکەوە، نرخی نەوت لە نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردوودا جێگیر بووە، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 80 دۆلار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی چوار رۆژدا بە رێژەی 15% نرخەکەی لەدەستدا و درێژترین زنجیرەی دابەزینی لەمساڵدا تۆمارکرد.