جی دی فانس: رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆڕیوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا هیچ بڕە پارەیەک لە دارایی خۆی ناداتە ئێران. 

جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا هۆشداری دایە تاران ئەگەر بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکەن، ئەوا بەرنامە ئەتۆمی، سەربازی و مووشەکییەکانیان بە تێکدراوی و پەککەوتوویی دەهێڵنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ تاقیکردنەوەی نیەت و جددیەتی ئێرانییەکان، بەشداریی لە گفتوگۆکانی جنێفدا دەکات، هەروەک چۆن لە گفتوگۆکانی پاکستاندا ئامادە بوو.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە،  ئەو و دۆناڵد ترەمپ، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران وەک پاداشت بۆ ئەو وڵاتە نابینن، بەڵکو وەک هەنگاوێکی جددی دەیبینن بۆ گەیشتن بە ئەنجام و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا.

فانس گوتیشی: "ئێمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە، چ ئێران پابەند بێت یان نا"، هۆشداریشی دا، ئێرانییەکان هیچ شتێک بەدەست ناهێنن مەگەر گۆڕانکارییەکی رادیکاڵ لە رەفتارەکانیاندا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، یاداشتی لێکگەیشتنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە و گەرووی هورمز بە شێوەیەکی کاتی کراوەتەوە. بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، دوای مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، گەرووەکە بە تەواوی بکرێتەوە. هاوکات جەی دی فانس ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری هەیە سەرۆک ترەمپ پێش ئەو وادەیە بڕیار بدات بەندەکانی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکات.