ئەنجوومەنی وەزیران گەنمی جووتیاران و دوو بابەتی دیکە تاوتوێ دەکات
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگە تاوتوێ دەکرێت:
1. وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێ.
2. بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتە ڕوو.
3. راگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.