ترەمپ رێگری لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد
ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا بەم دواییانە رێگری لە هێرشێکی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کردووە.
کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا، ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵای سیاسی و ئەمنی پلانی بۆ هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر کەرتی غەززە داڕشتبوو، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکەی رەتکردووەتەوە.
ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنی و دیپلۆماسی کە قسەیان بۆ کەناڵەکە کردووە، ئەوەیان خستەروو، وردەکاریی پرۆسە سەربازییەکە پێشکەشی بەرپرسانی ئەمریکا کراوە، بەڵام ئەوان دژایەتی خۆیان نیشان داوە و داوای راگرتنیان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەستنی پلانەکە یان دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار.
لە کاتی ئەم پێشهاتانەدا، سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا رێگەیەکی دیکەی گرتووەتە بەر، ئەویش بریتییە لە لکاندنی هێمنانە و قۆناغ بە قۆناغی ناوچەکانی ناو غەززە بەبێ راگەیاندنی فەرمی.
کەناڵەکە باسی لەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە بە وردی جێبەجێ دەکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان.
ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتانی نێوەندگیر بەهۆی مامەڵەی بزووتنەوەی حەماس لە دانوستانەکاندا و جێبەجێنەکردنی بەڵێنە فەرمییەکان بەرانبەر ئیدارەی ترامپ و وڵاتانی عەرەبی، توڕەن.
له لایهكی دیكهوه شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەیە و چەند سەرکردەیەکی دیکە بەر لە 10 رۆژ گەیشتوونەتە میسر بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی ترامپ.
ئەم قۆناغە پرسی بێچەککردنی بزووتنەوەکە لەخۆ دەگرێت، بەڵام سەرچاوە فەلەستینییەکان دەڵێن، حەماس بە توندی ئەم مەرجە رەتدەکاتەوە. سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە، بزووتنەوەی حەماس پرسی بێچەککردن دەبەستێتەوە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینەوە.
پێشتر رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستبوویەوە، ئیسرائیل پلانی پێشوەختەی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی سەر غەززە دوای کۆتاییهێنتنی هێرشەکانی دژی ئێران ئامادە کردووە.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستەروو، ئیسرائیل خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان ئامادە دەکات ئەگەر رێگا سیاسییەکان سەرکەوتوو نەبن.