گۆران باباعەلی نوێترین پێشانگەی شێوەکاری لە بەریتانیا کردەوە

هونەرمەندی شێوەکار گۆران باباعەلی، نوێترین پێشانگەی خۆی لە ژێر ناوی "دابڕانێک لە شێوازدا" لە گەلەریی ماڵی ئەفسانە لە بەریتانیا کردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەم پێشانگەیە تاقیکردنەوەیەکە بۆ چوونە ناو ناوچە نەناسراوەکان و دەربازبوون لە سنووردارکردنی شێوازە باوەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، گۆران باباعەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم پێشانگەیە زیاتر لە پێشانگەیەکی هونەری دەچێت، بانگهێشتێکە بۆ بینینی ئەو ساتانەی کە من لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆم هەڵدێم و رێگە بە خۆم دەدەم بە یاری و تاقیکردنەوە بچمە ناو ناوچەی نەناسراوەوە."

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە کرد، لە زنجیرە کاری "لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان"دا، هەوڵی داوە لە رێگەی هێڵ و رەنگ و فۆرمی پێکداچوو، لەو رۆحە سەرەتاییەی مرۆڤی کۆن نزیک ببێتەوە. باسی لەوەش کرد کە بەشێک لەو کارانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1997 کاتێک لە ناوەندێکی پەنابەران بووە لە هۆڵەندا و کەرەستەی جیاوازی وەک تێمپرا، گواش و ئەکریلیکی بەکارهێناوە.

گۆران باباعەلی تیشکی خستە سەر قۆناخێکی دیکەی کارەکانی بە ناوی "هێڵە تێکچڕاوەکان" و گوتی: "لەو بەرهەمانەدا هێڵ جێگەی رەنگی گرتەوە و بە پاستێل و رووپۆشی رەش و کڕاندنەوەی وێنەکان، شێوازێکی کارکردنی خێراتر و ئازادترم تاقیکردەوە."

ئەو هونەرمەندە جەختی کردەوە، ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا "دابڕانێکی کاتی" بوون لە پڕۆژە درێژخایەنەکەی کە لەسەر فیگەری ئەفسانەیی و ماسی دروستی کردووە.

پێشانگەی "دابڕانێک لە شێوازدا"، رۆژی سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026 لە شارۆچکەی فۆڵکستن لە بەریتانیا کرایەوە و بڕیارە ماوەی مانگێک بەردەوام بێت. گۆران باباعەلی کە خەڵکی سلێمانییە و ئێستا نیشتەجێی بەریتانیایە، یەکێکە لە هونەرمەندە چالاکەکان و خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لە وڵاتانی دەرەوە.