ئۆنکۆرنا.. یەکەم ڤاکسین بۆ چارەسەری پێشوەختەی شێرپەنجە

ئاژانسی فیدراڵیی پزیشکیی بایۆلۆژیی رووسیا رایگەیاند، ڤاکسینی "ئۆنکۆرنا" کە بە تەکنەلۆژیای mRNA دروستکراوە، دەکرێت لە قۆناخە سەرەتاییەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن بەکاربهێنرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە لە رێگەی هاندانی سیستەمی بەرگریی جەستە.

ڤیرۆنیکا سکۆرتسۆڤا، سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵیی پزیشکیی بایۆلۆژیی رووسیا ئاشکرای کرد، ڤاکسینی رووسیی "ئۆنکۆرنا" دەکرێت لە قۆناخە سەرەتاییەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێخۆڵەدا بەکاربهێنرێت، بەو مەرجەی پشکنینە پزیشکییەکان ناسەقامگیریی "مایکرۆساتێلایت" لە گرێیەکەدا بسەلمێنن.

ئاژانسی ناوبراو لە نیسانی رابردوو مۆڵەتی فەرمی بۆ بەکارهێنانی کلینیکیی ئەم ڤاکسینە وەرگرتبوو. ئێستا "ئۆنکۆرنا" بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشە پێگەیشتووانە بەکاردێت کە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێخۆڵەی گوازراوە (Metastatic) بوون و پێشتر دوو جار یان زیاتر چارەسەری دیکەیان وەرگرتووە و سوودی لێ نەبینیوە.

سکۆرتسۆڤا جەختی کردەوە کە ئەم ڤاکسینە چارەسەرێکی تایبەتییە و بۆ ئەوە داڕێژراوە کە سیستەمی بەرگریی جەستە دژی گرێیەکان چالاك بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەم ڤاکسینی ناوخۆیی رووسیایە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی کۆڵۆن کە پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی (mRNA) دەبەستێت.

ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەش دا، تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە هەردوو ڤاکسینی "ئۆنکۆپێپت" و "ئۆنکۆرنا" هیچ کاریگەرییەکی لایەنیی مەترسیداریان نییە و نەخۆشەکان بە باشی بەرگەی دەگرن. راشیگەیاند، ئێستا 27 نەخۆش لە رووسیا ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی "ئۆنکۆپێپت" و دوو نەخۆشیش لە ژێر چارەسەردان.