پارێزگاری بەغدا: دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی کوردستان وەربگرین

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا لە پێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "پارێزگاری بەغدا ستایشی ئاوەدانیی و گەشەپێدانی هەمەلایەنی هەرێمی کوردستانى کرد و خواستی خۆی بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم نیشاندا". 

سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.