رۆیتەرز: سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئێران دابین کراوە
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد کە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران سندووقێکی وەبەرهێنانی 300 ملیار دۆلاری لەخۆ دەگرێت بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئێران، کە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە پێشوەختە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە دابین کراوە. لە کاتێکدا تاران داوای 400 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی جەنگ کردبوو، دۆناڵد ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتەکەی هیچ سەرمایەگوزارییەک لەو سندووقەدا ناکات.
چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم سندووقە تایبەتە بۆ هاندانی هەردوولا دیزاین کراوە تاوەکو بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە. سندووقەکە تەنیا لەسەر پارەی کەرتی تایبەت دەوەستێت و کۆمپانیاکانی ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو، ئاسیا و ئەمریکای باشوور لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و گواستنەوەدا بەشدار دەبن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەراوێزی لووتکەی G7 لە فەرەنسا، رەتیکردەوە حکوومەتەکەی هیچ پارەیەک بۆ ئەو سندووقە دابین بکات و گوتی: "ئێمە وەبەرهێنان ناکەین.. تەنانەت 10 سەنتیشمان دانەناوە." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجی هەر گۆڕانکارییەک بەستراوەتەوە بە "رەفتارەکانی ئێران" لە ئایندەدا.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، ئێران تەنیا لە کاتێکدا دەتوانێت سوودمەند بێت لەم سندووقە ئەگەر بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو ببات و سیستەمێکی پشکنینی زۆر توند قبووڵ بکات.
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، تاران لە سەرەتای دانوستانەکاندا داوای 400 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی زیانەکانی جەنگ لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام واشنتن بە توندی ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە و تەنیا لە چوارچێوەی سندووقی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتدا رازی بووە بە هاوکارییەکان.
بڕیار وایە رۆژی هەینی هەردوولا بە فەرمی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز لە سویسرا واژۆ بکەن.