وەزارەتی تەندروستی: دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری هەولێر تۆمارکران، کە باوک و کوڕێکی تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری هەولێر تۆمارکران، کە باوک و کوڕێکی تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن، بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ لە دوو هەفتەی رابردوو و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانیان، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکین لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن، هاوکات باری تەندروستی یەکێکیان تا رادەیەک جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتەکە بن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.

وەزارەتی تەندروستی هەروەها رایگەیاندووە، تەنیا دوو حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.