کونسوڵی گشتیی چین: لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری هەیە

کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، هاوبەشی زۆر لە نێوان چین و هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، لیو جون، کونسوڵی گشتیی  چین لە هەرێمی کوردستان،  لە کاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمی داڕشتنی داهاتوویەکی هاوبەشی شارستانێتییەکان رایگەیاند: چین و هەرێمی کوردستان کلتوور و زمانی جیاوازیان هەیە، بەڵام بەهای هاوبەشیان هەیە، ئێستا جیهان کار بۆ ئاشتی دەکات، سەرەڕای هەبوونی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری هەیە، پێویستە شارستانییەک دروست بکەین لە بەرژەوەندی هەموولایەک بێت.

هەروەها گوتی: ئەوانەی کولتووریان جیاوازە نابێت دژایەتی یەکتربکەن، بەڵکو دەبێت یەکبخرێن، پێویستە هەموومان رێز لە نەریت و کولتوور یەکتربگرین.

لیو جون، باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان خەڵک خۆی فێری زمانی چینی دەکات و تەکنەلۆژیای چینی بەکاردێنێت " پێزانینی تایبەتمان هەیە" شارستانییەتی چینی و کلتوری کوردی دەکرێت کاری زیاتر لەسەر بکرێت و بەرهەمی گەورەتری هەبێت.

هاوکات رایگەیاند" لە کلتوری چینی سوودمان لە " مەم و زین" وەرگرتووە.

کونسوڵی گشتیی چین سەرسامی خۆی بە خواردن و نەریتەکانی کورد دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی و هاوبەشی زیاتر لە نێوان چین و هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی 2024 دا 78ـی مین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی بڕیارێک پەسەندکرا، کە چین پێشنیاری کردبوو، 10ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک "رۆژی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لە نێوان شارستانیەتەکاندا" دامەزراند، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بەهای فرەچەشنی کولتووری و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و رێزگرتنی یەکتر و هاودەنگی جیهانی. 10ی حوزەیرانی ساڵی 2025 یەکەم رۆژی جیهانی گفتوگۆی نێوان شارستانیەتەکانە.