رۆیتەرز: دەقی 14 خاڵەکەی یاداشتی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا کرد
چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز دەقی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەردوولا لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە رێککەوتوون. بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی داراییەکانی ئێران و دابینکردنی 300 ملیار دۆلار بۆ بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە، لە بەرامبەردا ئێران گەرەنتی ئاسایشی کەشتیوانی دەدات و قۆناغی کۆتایی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێدەکات.
بەپێی بەڵگەنامەکە، هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کە تێیدا گەمارۆکان هەڵدەگیرێن، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دادەمەزرێت.
دەقی 14 خاڵەکەی ڕێککەوتنەکە
1. راگرتنی شەڕ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.
2.سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.
3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 ڕۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 ڕۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.
12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (4، 5، 10 و 11)، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
14. پەسندکردنی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.