سەرۆکوەزیرانی پاکستان: لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت
سەرۆکانی ئەمریکا و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی مێژووییان واژۆ کرد و سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش جەخت دەکاتەوە، رێککەوتنەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە یەکەم هەنگاودا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و گەمارۆی دەریایی لەسەر کەنارەکانی ئێران لادەبرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی مێژووییان بە ناوبژیوانیی پاکستان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لەمبارەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، ەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسیویەتی، "شانازییەکی گەورەیە رابگەیەنم ئەمڕۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مێژوویی ئیسلام ئاباد بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ کرا. ئەم رێککەوتنە لەلایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە واژۆ کراوە و لەلایەن منیشەوە وەک ناوبژیوان پەسەند کراوە، نیشانەی پابەندبوونی هەردوولایە بە چارەسەری دیپلۆماسی".
سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردووەتەوە "رێککەوتنەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک هەنگاوی یەکەم، ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی لادەبات".
سەرۆکوەزیرانی پاکستان سوپاس و پیرۆزبایی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرۆک و تیمی دانوستانکاری ئەمریکا (جەی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر) کرد بۆ پابەندبوونیان بە ئاشتی. هەروەها رێز و پێزانینی خۆی ئاراستەی رێبەری باڵای ئێران موجتەبا خامنەیی، سەرۆککۆمار مەسعود پزیشکیان و تیمی دانوستانکاری ئێرانی (قالیباف، عێراقچی، موئمینی) کرد بۆ دانایی و ئارامییان.
لە کۆتاییدا سوپاسی هەوڵە گرنگەکانی سەرکردایەتیی قەتەر، سعوودیە، تورکیا، سووریا و بە تایبەتی مارشاڵ سەید عاسم مونیر دەکات بۆ ئاسانکاری و هاوکارییان لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە مێژووییە و جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی قەتەر رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.
دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە:
1. راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتر ئەنجام نەدەن.
2. سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک وڵاتەکە بیەوێت.
12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕیی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی چوار، پێنج، 10 و 11، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
14. پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.