ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ تا کاتی راگەیاندنی فەرمی، دەقی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی نەبینیوە

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئێران، رووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی و فشاری ناوخۆیی بووەتەوە.

ناتانیاهۆ کە بەڵێنی سەرکەوتنی تەواوەتی بە ئیسرائیلییەکان دابوو، تەنیا چوار مانگ پێش هەڵبژاردنەکان، ئێستا تەنیا ماوەتەوە لە دژایەتیکردنی رێککەوتنەکە. تەنانەت ئیماراتیش، پێشتر هەڵوێستی توندی هەبوو، چووەتە پاڵ کۆدەنگیی ناوچەکە بۆ پشتیگیریکردنی رێککەوتنەکە.

بەپێچەوانەی ساڵی 2015 ناتانیاهۆ لە کۆنگرێس دژی رێککەوتنەکەی ئۆباما وەستایەوە، ئێستا ناتوانێت هەمان کار بەرامبەر ترەمپ بکات، چونکە نایەوێت رووبەڕووی کێشەی راستەوخۆ ببێتەوە لەگەڵیدا.

حکوومەتی ئیسرائیل تەنیا بە شێوەی نافەرمی نیگەرانی دەربڕیوە، میدیاکانی لایەنگری ناتانیاهۆ، وەک کەناڵی 14 هێرشی توندیان کردە سەر تیمی ترەمپ. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیان بە پیاوخراپ ناوبردووە و ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەریشیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بەرژەوەندی ئیسرائیلیان بۆ دەستکەوتی دارایی فرۆشتووە.

ناتانیاهۆ بە راگەیاندنی رێککەوتنەکە لە رۆژی یەکشەممەدا تووشی سوپرایز بووە. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن؛ تا رۆژی سێشەممە رێگەیان پێنەدراوە دەقی یاداشتەکە ببینن. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت؛ ئیسرائیلییەکان خۆیان داوای دەقەکەیان نەکردووە، ئەگەرچی بەردەوام لە وردەکارییەکان ئاگادار کراونەتەوە.

یاداشتەکە داوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان دەکات، بەڵام ناتانیاهۆ بە ترەمپی گوتووە پاشەکشە ناکەن تاوەکو حزبوڵڵا دانەماڵرێت لە چەک. ترەمپیش لەمبارەیەوە رایگەیاندووە: "هەڵەیەکی بچووکمان لەسەر پرسی لوبنان هەیە."