ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چاودێری رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، ئاژانسەکەیان بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا دەکات کە بڕیارە لە سویسرا لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوە بچێت. رافایێل گرۆسی جەخت دەکاتەوە کە رۆڵی ئەوان چاودێریکردنی لایەنە تەکنیکییەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان واشنتن و تاران دەبێت.
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ئاماژەی بەو کۆبوونەوەیە کرد کە بڕیارە رۆژی هەینی لە ناوچەی "بورگینستۆک" لە سویسرا بەڕێوە بچێت و رایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئامادەیە لە چوارچێوەی میکانیزمە تەکنیکی و چاودێرییەکاندا رۆڵی خۆی بگێڕێت.
ئەم قسانەی گرۆسی دوای ئەوە دێن کە حکوومەتی سویسرا پێشتر رایگەیاندبوو، نوێنەرانی تاران و واشنتن، لەگەڵ نێوەندگیرە هەرێمییەکان و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار، یەکەم خولی دانوستانەکان دەست پێدەکەن. ئەم خولەی گفتوگۆکان دوای واژۆکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەنجامدرا.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکەم هەنگاوی کردەیی دادەنرێت دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان زیاتر تیشک بخەنە سەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و چوارچێوەی چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان.