ئۆکرانیا گەورەترین هێرشی کردە سەر رووسیا؛ "زیان بە بازاڕێکی کوردەکانیش گەیشتووە"
لە گەورەترین هێرشی ئاسمانیی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی رووسیا لە سەرەتای جەنگەوە، زیاتر لە 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کران و زیانیان بە کۆگایەکی سووتەمەنی و چەند باڵەخانەیەکی هاووڵاتییان لە مۆسکۆ گەیاند، هاوکات چوار فڕۆکەخانەی پایتەخت بە کاتی داخران.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان 555 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا ی لەسەر ئاسمانی ناوچە جیاوازەکانی رووسیا پووچەڵ کردووەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئاسمانی پارێزگاکانی مۆسکۆ، بێلگۆرەد، کورسک، ڤارۆنیژ، لیپێتسک، تامبۆڤ، ئەریۆل، کالوگا، بریانسک، ڤلادیمێر، سمەلێنسک، تولا، رۆستۆڤ، ریازان، تڤێر، ئەستراخان، نیمچەدوورگەی کرایمیا و دەریای ئازۆڤ تێکشکێنراون.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو بە 180 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر مۆسکۆ و تەواوی هێرشەکان پووچەڵ کراونەتەوە، بەڵام بەهۆی پارچەی درۆنە تێکشکێندراوەکانەوە کۆگایەکی سووتەمەنی لە پایتەختی رووسیا زیانی بەرکەوتووە و دووکەڵێکی رەش و چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
سۆبیانین دەڵێت ئەمە بەرفراوانترین هێرشە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کراوەتە سەر مۆسکۆ.
بەهۆی ئەم هێرشانەوە بازاڕی سەدەڤۆد لە شاری مۆسکۆ زیانی بەرکەوتووە و ژمارەیەک کورد خاوەنکارن لەو بازاڕەدا، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 هیچ خاوەنکارێکی کورد زیانی پێنەگەیشتووە.
هەروەها دەزگای فیدراڵیی گواستنەوەی ئاسمانیی رووسیا رایگەیاند، هەر چوار فڕۆکەخانەکەی مۆسکۆ بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون.
ئەندرێی ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری دەوروبەری مۆسکۆ ئەوەشی خستەروو، بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەک باڵەخانەی هاووڵاتییان و چەند شوێنێکی بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا زیانە گیانییەکان روون نین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا پێی ناوەتە رۆژی 1575، وێڕای هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، تا دێت هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر قووڵایی خاکی یەکتر زیاتر دەبن.
پێشتریش ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندبوو، ئەم هێرشانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی رووسیا هەوڵەکان بۆ پڕۆسەی ئاشتی سەختتر دەکەن.