کۆنترین کەنیسەی کریستیانەکان لە ئاکرێ نۆژەندەکرێتەوە
لە ناوەندی قەزای ئاکرێ، بە سەرپەرشتیی تیمێکی شارەزای شوێنەوارناسی، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی کەنیسەی "مەریەمی عەزرا" دەستی پێکرد، کە یەکێکە لە کۆنترین کەنیسەکانی مەسیحییەکان لە ناوچەکەدا و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1695ی زایینی دەگەڕێتەوە.
کەنیسەی "مەریەمی عەزرا" کە دەکەوێتە گەڕەکی "جوستەیی" لە ناوەندی قەزای ئاکرێ، لەسەر رووبەری 700 مەتر دووجا و بە شێوازێکی تەلارسازیی شاخاویی ڕەسەن بە بەردی سروشتی دروستکراوە. لە ئێستادا تیمەکانی شوێنەوارناسی سەرقاڵی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دیوار و بەشە زیانپێگەیشتووەکانی کەنیسەکەن.
پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن رێکخراوی (لۆتس فلۆوەر) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و ئاکرێ بەڕێوەدەچێت، هەروەها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانییەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت. ئامانج لەم پرۆژەیە پاراستنی ئەم شوێنەوارە ئایینی و مێژووییەیە لە فەوتان و داڕمان.
هیوا شهمال، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ بە کوردستان24ـی گوت: ئەم پێگە شوێنەوارییانە کاتێک نۆژەندەکرێنەوە و گرنگی زۆری هەیە بۆ زیاتر ناساندنی ئاکرێ و هەروەها لە مەترسی لەناوچوون دێنە پاراستن، هاوکات دەبێتە هۆی سەرنجراکێشانی گەشتیاران.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ، لە سنووری ئەو قەزایەدا 760 شوێنەوار و شوێنی مێژوویی تۆمارکراون. بەشێک لەوانە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بپارێزرێن و ببنە هۆی بەهێزکردنی کەرتی گەشتوگوزار و ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران بۆ ناوچەکە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی ئاکرێ، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دەرخستنی بەڵگەنامە مێژووییەکان و دەرخستنی سیمای بەیەکەوەژیانی ئایینی لە ناوچەکەدا.