ئافرەتە حەفتا ساڵانەکەی خانکێ تەمەنی لەناو قوڕ و ئاگری تەندووردا بەڕێکردووە
لە گوندی کەمونی سەر بە شارەدێی خانکێ، ئافرتێکی تەمەن 70 ساڵان بە پەنجە رەنگینەکانی، خەریکی پاراستنی یەکێک لە کۆنترین پیشە دەستییەکانی کوردستانە. خەدیجە جاسم، کە زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە خەریکی دروستکردنی تەندووری قوڕە، چیرۆکی خۆڕاگری و رەسەنایەتی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە.
خەدیجە جاسم، کە دانیشتووی گوندی کەمونی شارەدێی خانکێیە لە شارۆچکەی سیمێل، باس لەوە دەکات کە ئەم پیشەیەی لە دایکیەوە بۆ ماوەتەوە. ئەو دەڵێت "ماوەی 25 ساڵە تەندوور دروست دەکەین، من لەژێر دەستی دایکم فێری ئەم کارە بووم، لە ساڵی 1986ـەوە لێرەین و تا ئێستاش بەردەوامین."
دروستکردنی تەندوور کارێکی سادە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ورد و پڕ لە زەحمەتییە. خەدیجە باس لە قۆناغەکانی کارەکەی دەکات و دەڵێت "سەرەتا خۆڵێکی تایبەت دەهێنین، دواتر خوێی پێدادەکەین بۆ ئەوەی قایم بێت. هەرچەندە دروستکردنی زۆر قورسە، بەڵام ئێمە چێژ لە کارەکەمان دەبینین."
سەرباری پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەبوونی فڕنی جۆراوجۆر، بەڵام خەدیجە تێبینی ئەوەی کردووە کە خەڵکی ئێستا زیاتر لە جاران حەزیان لە نانی تەندوورە. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە کڕیارەکانی تەنیا خەڵکی ناوچەکە نین، بەڵکو "خەڵک لە زۆربەی شوێنەکانەوە دێن بۆ کڕینی تەندوور، تەنانەت لە هەولێریشەوە کڕیارمان هەبووە."
تەمەن کاریگەری خۆی لەسەر توانای جەستەیی خەدیجە داناوە. ئەو بە خەمناکییەوە باس لە رابردوو دەکات و دەڵێت "پێشتر گەنج بووین و وزەیەکی باشمان هەبوو، رۆژانە دوو بۆ سێ تەندوورمان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا کە بە تەمەن کەوتووین، توانامان کەم بووەتەوە و هەر تەندوورێک دوو بۆ سێ رۆژی پێدەچێت."
پرۆسەی دروستکردنی هەر تەندوورێک، بە داگیرساندنی ئاگرێکی گەورە لەناو دڵە قوڕینەکەیدا کۆتایی دێت، تاوەکو قایم ببێت و ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵێکدا ببێتە سەرچاوەی نانێکی گەرم و بەتام بۆ خێزانێکی کورد.
خەدیجە جاسم، بەو پەنجانەی کە شوێنەواری قوڕ و ئاگریان پێوە دیارە، نموونەی ئەو ئافرەتە دەستڕەنگینانەیە کە ناهێڵن کلتوور و کەلەپووری کوردی لەنێو بچێت.