'مەتەڵ مەیل مەیلانێ'؛ کتێبێکی نوێی فۆلکلۆری بڵاوکرایەوە
هۆشیار نوری لەک، نووسەر و رۆژنامەنووس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی فۆلکلۆری کوردی، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "مەتەڵ مەیل مەیلانێ" بڵاوکردەوە، کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مەتەڵی رەسەنی کوردییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، هۆشیار نوری لەک بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "کتێبی مەتەڵ مەیل مەیلانێ، نوێترین بەرهەمی چاپکراومە و لە 120 لاپەڕە پێکهاتووە، کە تێیدا 1969 مەتەڵی جۆراوجۆرم کۆکردووەتەوە و بەپێی رێزبەندی پیتی ئەلفبێ (لە ئەلفەوە تا یای) رێکخراوە بۆ ئەوەی خوێنەر بە ئاسانی دەستی بە مەتەڵەکان بگات."
ئەم نووسەرە کە خاوەنی نزیکەی 50 کتێبی جۆراوجۆرە لە بوارە جیاوازەکاندا، ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی بەرهەمەکانی تەرخانکردووە بۆ بواری کەلتوور و فۆلکلۆر، بەتایبەتی مەتەڵ. وەکخۆی دەڵێت "عەشقی من بۆ مەتەڵ وایکردووە ساڵانە کار لەسەر ئەم بوارە بکەم، یەکەم کتێبم لەم بوارەدا تەنها 255 مەتەڵ بوو، بەڵام ئێستا ژمارەی مەتەڵە کۆکراوەکانم گەیاندووەتە سەرووی دوو هەزار مەتەڵ."
سەبارەت بە سەرچاوەی کۆکردنەوەی ئەو مەتەڵانە، هۆشیار لەک باسی لەوە کرد کە زۆرترین سوودی لە کەسایەتییە بەتەمەنەکانی گوندەکان بینیوە، کە وەک گەنجینەیەکی زیندووی فۆلکلۆر وان، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئەم لقە گرنگەی فۆلکلۆری کوردی و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی.
هۆشیار لەک، وەک نووسەرێکی چالاک و دڵسۆزی فۆلکلۆر، بەردەوامە لە گەڕان و کۆکردنەوەی پاشماوە ئەدەبییە زارەکییەکانی نەتەوەی کورد، تاوەکو لە فەوتان بیانپارێزێت و بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەرشیف بکات.