ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا چووە بواری جێبەجێکردنەوە
ئاژانسی "رویتەرز" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، ئیسرائیل و حزبوڵڵا رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لە لوبنان، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتژمێر 4ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست پێدەکات.
هەینیی 19ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە گواستیەوە، نێوەندگیرانی ئەمریکی و قەتەری بە هاوکاری ئێران رێککەوتنەکەیان ئەنجام داوە و گوتیشی: "دوای ئاڵوگۆڕی تەقە لە بەیانی ئەمڕۆ هەینیدا، ئیسرائیل و حزبوڵڵا چوونەتە ناو قۆناغی ئاگربەستەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسیارێتی راستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانی لە ئەستۆدایە و هۆشداری دا کە ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دەبێت.
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر زیاتر لە 10 گوند لە باشووری لوبنان، بووەتە هۆی کوژرانی 18 کەس و برینداربوونی 33 کەسی دیکە.
دۆسیەی لوبنان وەک خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی و تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوان واشنتن و تاران هەژمار دەکرێت، بەتایبەت تاران جەختی لەسەر گواستنەوەی لوبنان بۆ ناو رێککەوتنە فراوانە ناوچەییەکە کردووەتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە سووربوونی ئیسرائیل لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نیشان داوە کە مەترسییان بۆ سەر دانوستانەکان دروست کردبوو.