بەقایی: کۆبوونەوەی سویسرا بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، کۆبوونەوەی واژۆکردنی ئەمریکا و ئێران لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتن کە بڕیار بوو، ئەمڕۆ هەینی لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە. ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجام دراوە.

هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لە کۆبوونەوەی سویسرا، واژۆکردنی دەقی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەرەبەیانی 18ی حوزەیراندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆیان لەسەر دەقەکە کردووە، مەراسیمی سویسرا گرنگیی خۆی لەدەستداوە.

بەقایی جەختی کردەوە، دەسپێکردنی قۆناخی داهاتووی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە "رێککەوتنی کۆتایی" بەندە بە جێبەجێکردنی کردەیی پێنج بەندی سەرەکی لە یاداشتەکەدا. ناوبراو ئاماژەی بە بەندەکانی (1، 4، 5، 10 و 11) کرد، کە بریتین لە: راگرتنی جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، کردنەوەی گەرووی هورمز، ئازادکردنی داراییەکان و لێخۆشبوونی سزاکانی نەوت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵانەی بە درۆ خستەوە کە گوایە تاران داوای لە ئاژانسی ئەتۆمی کردبێت پشکنین بۆ بنکە ئەتۆمییەکان بکات. بەقایی ئاماژەی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی 18ی حوزەیران کرد و گوتی: "بەپێی بەندی 8، دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا دەبێت کە دیاری کراوە، ئەمەش تەنیا لە کاتێکدا دەبێت کە مەرجە پێشوەختەکان جێبەجێ کرابن."

ئاشکراشی کرد، پشکنینە ئاساییەکان لەو شوێنانەی پێشتریش هەبوون (وەک وێستگەی بوشەهر) بەردەوام دەبن، بەڵام ڕێگەدان بە پشکنینی ئەو بنکانەی کە بەهۆی "هێرشە تاوانکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە" پەککەوتوون، بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکان و ڕێککەوتنی کۆتایی.

لە لایەکی دیکەوە، بەقایی دەنگۆی داخستنی گەرووی هورمزی بە تەواوی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "هاتوچۆ لە گەرووەکەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە. هێزە چەکدارەکانمان بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکانیان گرتووەتە بەر بۆ گەرەنتی کردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان."

هەر ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمی دواخستنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران رانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئامادەکارییەکانی سەردانی جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ بۆ سویسرا تەواو نەبووە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئێران سەرپەرشتی دانوستانەکان بکەن، بەڵام دواتر دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە

1. ڕاگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.

2.سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.

3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 ڕۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.

5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 ڕۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.

6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.

7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.

8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.

9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.

10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.

11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.

12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.

13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (4، 5، 10 و 11)، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.

14. پەسندکردنی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.